,

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن

بە ناوی “ژن، ژیان، ئازادی”

خوێندکارانی ئاگا و وریای کوردستان!
قوتابییان، داهاتووەکانی نیشتمان!

ئێوە لە قۆناغێکدا پێ دەنێنە ساڵی نوێی خوێندن و دەچنە زانکۆ و زانستگە و قوتابخانەکان، کە جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و نێوخۆی ئێران بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە ئەم گوزەرە شەڕی هێژمۆنی، ئابووری و ئەمنیی نەزمی کۆنی بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە و ئاراستەیەکی نوێ بە نەزم و بلۆکبەندییە نوێیەکان بەخشیوە کە شەڕی شوناسی نەتەوەیی و ئایینی براندی سەرەکیی ئەم نەزمەیە.
ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە پشتیوانیکردنی لە تیرۆریزم، توندڕەوی ئایینی، هەناردەکردنی شۆڕش، یارمەتیدانی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، هاندان، پشتیوانی و یارمەتی ماڵی، لۆجێستیکی و …. لە شەڕی غەزە بۆ حەماس، حیزبوڵڵا   لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن وەک سەری مارەکەی لێ هاتووە و لە پێناو ڕاگرتنی ئارامیی نێو ماڵی خۆی بەشێکی سەرەکیی لە وڵاتانی ئیسڵامی ـ عەرەبی لە ڕێگای هێزە پرۆکسییەکانی تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردووە و کوشتار و ماڵوێرانی سیمای زاڵی ئەم ناوچەیەیە.
لە نێوخۆیی ئێرانیش زۆرترین سەرکوتی سیستماتیکی لە گشت ڕەهەندەکاندا دژی نەتەوە غەیرەفارسەکان (بە تایبەت کورد و بەلووچ) و ئایینیەکان (بەهائی، زەردەشتی و …) گرتۆتە بەر و لە کۆی سێکتەرەکان تووشی قەیرانگەلی
ڕەوایی، کارامەیی و لێهاتوویی هاتووە، کە لە خانەی دەوڵەت/سیستمە تێکشکاوە داڕووخاوەکان پێناسەی بۆ دەکرێت.

هەموو ئەو بەها و ئارمانجانەی ٤٥ ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی گەلانی ئێرانی لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی خەباتیان بۆ کرد و لەلایەن ئاخوندەکانەوە بەتاڵان بردران، لە ئێستەدا بەها و بایەخی دژە نۆرمیان بەخۆ گرتووە.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادیـ”ـدا کە ژنان، لاوان و خوێندکاران پێشەنگایەتی ئەم بزووتنەوە شوناسخوازانەیان دەکرد، ویستی ئازاد ژیان، بەختیاری و سەربەستی وێردی سەر زمانی تێکۆشەرانی شەقام بوو و یەک دەنگ و دوورنواڕ
کۆشکی دیکتاتۆریزمی جەمارانیان بە ئامانج گرتبوو و بەحەق نیشانیان دا  ڕۆڵەی وەفاداری ئارمانجە پیرۆزەکەیانن و فاشیزم و ڕاسیزمی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتیان ڕێژیمی ئیسڵامیان لە گشتیەتی خۆیدا ڕەت کردەوە، کە ئاخێزگەی ئەم ڕاپەرینە شکۆمەندە، کوردستان بوو کە ژنان، لاوان و خوێندکارانی ڕووناکبیر و پێگەیشتوو پێشرەوی بوون.
لەمێژە لە کوردستان گوتارێک لە نەستی خوێندکاری کوردستاندا زاڵە کە دەڵێت: زانکۆ سەرنگەری ئازادیخوازانە.
لەسەر ئەم بنەما دروستە، وایە کە ئێوەی خوێندکارانی نیشتیمانپەروەر خاوەنداریەتی لەم مانیفێستە بکەن و بیکەنی چرای تێکۆشان دژی ڕێژیمی دیکتاتۆر و فاشیست کە ئێوە و نەتەوەکەتانی لە سەرەتاییترین ماڤی مرۆییتان بێبەش کردووە و پێویستە ئێوە دیپلۆماتکاری چاند، کولتوور، زمان و شوناسی نەتەەیی و نیشتیمانیتان لە نێو خوێندکارانی زانکۆ و زانستگاکاندا بن و لەسەر ئەساسی بڕوامەندیتان بە تۆلێرانس و پلۆرالیزم، هاوخەبات لەنێو خوێندکارانی نەتەوەکانی دیکە بۆ خەبات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەیدا بکەن.
زانکۆ بکەنە سەنگەری بەرخۆدان و گیانفیدایی بۆ ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری و بە ڕۆشەنگەری سەرقافڵەی کۆمەڵگا بۆ بەگژداهاتنی ڕێژیمی ئاخوندی بن.
ئەندێشە و کرداری ڕێبەری  شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە شەوەزەنگی چەوساندنەوە، زۆرداری و پاوانخوازیدا بکەنە ڕێنوێنی تێکۆشانی بێوچانتان و بە ڕۆح و عەقڵیەتی “بەرخۆدان ژیانە” ئەرک و ڕاسپاردەی نیشتمانتان جێبەجێ بکەن.

سەرکەوێ پێنووس و هزری ڕزگاریخوازی!
بڕووخێت کۆشکی ستەم و بێدادی!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٤ی ڕەزبەری ۲۷۲٤ی کوردی
٤ی مێهری ۱٤۰۳ هەتاوی

Tags

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *